download: Pdficon.png
Odticon.png
Version: 1.1

لێخۆشبوونی هەنگاو بە هەنگاو

ئێمە هەموومان تامەزرۆی پەیوەندییەکی قووڵ و پڕ لە خۆشەویستین، بەڵام بەداخەوە هەموویان ئازار و ناخۆشیمان تاقی کردووەتەوە، تەنانەت دەکرێت هەندێکمان لەلایەن کەسانی دیکەوە سووکایەتیمان پێکرابێت. ئەمە شتێکی ناخۆشە و ئازارمان دەدات. هەروەکو چۆن برینێکی جەستەیی میکرۆب دەیتەنێت و برینەکە دەگەنێ، بە هەمان شێوە برینەکانی دڵمان دەبن بە تاڵی و توندی ئەگەر بێتو پێشوەخت کاردانەوەمان بەرامبەری نەبێت. واتە، تێپەڕبوونی زەمەن بە تەنها چارەسەری بابەتەکە ناکات!
کاتێک کەسێک ئازارمان دەدات و دڵمان دەشکێنێت، زۆربەی کات کاردانەوەی ئێمە بریتی دەبێت لەوەی کە خۆمان لەو کەسە دوور دەخەینەوە و دیوارێک لە نێوانماندا دروست دەکەین. لە ئەنجامدا، ڕێگە نادەین کەس لێمان نزیک بێتەوە و دواتر بە تەنها دەمێنینەوە. هەروەها لە بەرامبەردا تووڕە دەبین و هەڵەکان بە ناوچاوی کەسی بەرامبەردا دەدەینەوە و هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدەین. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بیر و هزرمان بەو ئازارەی کە لە لایەن کەسی بەرامبەرەوە پێمان گەیشتووە داگیر بکرێت.
لە ڕاستیدا لە ڕێگەی ئەم جۆرە ستراتیژییانەوە هەوڵ دەدەین خۆمان لە خراپ جوڵانەوەی خەڵك و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵمان بپارێزین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر برینداربوون و ئازاردانی زیاتری خۆمان. وەکو دەزانین ئەگەر ئازار بدرێیت ئەوا بە خۆشەویستییەوە لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەڵسوکەوت ناکەیت. کەسانی ئازادراو، ئازاری کەسانی دیکە دەدەن.

تاکە ڕێگای ڕزگاری لەدەست ئەم سووڕە شەڕانییە بریتییە لە لێخۆشبوون، کە دەکرێت زۆر زەحمەت بێت ئەگەر بێتو ئازارێكی زۆرمان چەشتبێت. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە هەتا لەو کەسە خۆشنەبین کە ئازاری داوین، ئەوا هەر بەو کەسە و ڕابردووشمانەوە دەبەسترێینەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەوە ڕوودەدات کە ناتوانین ئەزموونە پڕ لە ئازار و ناخۆشییەکان لەبیر بکەین و لەبەرامبەردا فشار دەخەینە سەر یادەوەرییەکانمان و هەوڵی لەبیرکردنی شتێک دەدەین کە مەحاڵە. خودا دەیەوێت ئێمە ئازاد بین- دوور بین لە ئازار و تاڵی و ئارەزووی تۆڵەکردنەوە، هەروەها دەیەوێت کە لە ڕابردوومان داببڕێین.

لێخۆشبوون چییە؟

لێخۆشبوون واتە دەستبەرداربوون لە هەموو جۆرە لۆمە و سەرزەنشتکردنێکی کەسی بەرامبەر و سپاردنی بە دەستی پڕتوانای یەزدان. لێخۆشبوون واتە مەحکومنەکردنی کەسی بەرامبەر و متمانەکردن بە یەزدان و باوەڕبوون بەوەی کە ئەو دادوەرێكی دادپەروەرە و پێویستە ئەو بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە کەسی بەرامبەر دەبێت چی بەسەر بێت. هەروەها واتای ئەوەیە کە چیتر گوناهەکانی بەرامبەرەکەم بە هەند وەرناگرم و و دژی خۆی بەکاریناهێنمەوە. بە واتایەکی دیکە، لەبەر ئەوەی کە پێشوەخت لەگەڵ دەرەنجامی گوناهەکانی ئەودا دەژیم و نەمتوانیوە ڕابردوو بگۆڕم، ئێستا کاتی ئەوەیە کە خۆمی لێ ڕزگار بکەم و لە هەموو قەرزەکانی بەرامبەرەکەم خۆشبم (لەو خراپە و هەڵانە خۆشبم کە دژی من ئەنجامی داون).
ئەم بڕیارەش بە تەواوی خۆم دەیدەم و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرامبەرەکەمەوە نییە، جا داوای لێبوردن بکات یان نە، یاخود خۆی لەوێ بێت یان نە. ئێمە نابێت پشت بەو کەسە ببەستین کە ئازاری داوین و دڵی ڕەنجاندوویین.
هەرچەندە لێخۆشبوون بۆ کەسی بەرامبەر شتێکی زۆر باشە، بەڵام بە پلەی یەکەم بۆ خۆم باشە و لەبەر خۆم لەو کەسە خۆشدەبم کە ئازاری داوم. کاتێك لە کەسێك خۆشدەبین، ئەوا دوور دەکەوینەوە لە هەستە نەرێنییەکانی وەکو ترس و تووڕەیی و تاڵی، پاشان برینەکەی دەروونمان ساڕێژ دەبێت و بەتەواوی چاک دەبینەوە.

هەنگاوەکانی لێخۆشبوون

هەندێک کات قەدبڕ لێدەدەین و بە خێرایی لە بەرامبەرەکەمان خۆشدەبین، بەڵام دواتر بۆمان دەردەکەوێت کە هێشتا ئاسەواری ئازار و ناخۆشییەکە لەسەر دڵمان ماوەتەوە. كەواتە چۆن دەتوانین بە تەواوی لە بەرامبەرەکەمان خۆش بین؟ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە لە پڕۆسەی لێخۆشبووندا هاوکاریمان دەکەن.

بە وردی سەرنجی سێ هەنگاوی یەکەم دەدەین، زۆر باش دەبێت ئەگەر یارمەتیدەریکت هەبێت.

١. چی ڕوویدا؟

  • بە وردی باسی ڕووداوەکە بکە.
  • هەڵەی باو: گشتگیر و ناڕوون دەمێنینەوە.

٢. چی ئازاری دام؟ چ هەستێکم هەبوو؟

  • هەست و سۆزەکان گرنگن و بەشێکی سەرەکی لە بوونی ئێمە پێکدێنێت.
  • هەڵەی باو: هەنگاوەکە پشتگوێ دەخەین و خۆمان بە ڕاستییەکانەوە هەڵدەواسین.

٣. ناوی گوناهەکە بهێنە

  • هەڵەکان سووک مەکە و بیانوویان بۆ مەهێنەوە. لە ڕێگەی ئەو شتانەی کە ئەنجامی داوە یان ئەنجامی نەداوە، چۆنیەتی ئەنجامدانی گوناهی بەرامبەرەکەت لێکبدەوە.
  • هەڵەی باو: بیانوو بۆ بەرامبەرەکەمان دەهێنینەوە (بەڵام ئەگەر نەتوانین وەکو هەڵە چاوی لێ بکەین، ئەوا ناتوانین لێی خۆشبین).

ئێستاش نوێژ دەکەین و هەموو شتێك بە یەزدان دەسپێرین.

٤. تاوانی ناڕەوایی و نادادپەروەری بخەرە بەردەم یەزدان

  • دەڕۆینە بەردەم یەزدان و تاوانەکانی ئەو کەسە دەخەینە به‌ردەستی کە بووەتە هۆی ئازاردانمان. ئەوەی کە لە دڵماندایە لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕیژین و هەموو بابەتە سەرەکییەکانی سێ هەنگاوی یەکەمی پێ دەڵێین.
  • هەڵەی باو: ئەم هەنگاوە پشتگوێ دەخەین یان هەست و سۆزمان لە یەزدان دەشارینەوە.

٥. لە بەرامبەرەکەت خۆش بە

  • ئێستا باسی لێخۆشبوون دەکەین (من لە ... خۆشدەبم بەهۆی ئەوەی کە ...). ئینجا بڕیارەکە و هەموو بابەتەکە بە یەزدان بسپێرە.
  • هەڵەی باو: ئێمە بە یەزدان دەڵێین کە چی بەسەر ئەو کەسەدا بهێنێت کە ئازاری داوین (نەفرەت لەو کەسە دەکەین و جنێوی پێ دەدەین). یان دەڵێین کە دەمانەوێت لەو کەسە خۆشبین (پەروەردگار، تکایە یارمەتیم بدە کە بیبەخشم) بەڵام لە ڕاستیدا هیچ بڕیارێک نادەین.

تاوانی ناڕەوایی و نادادپەروەری بخەرە بەردەم یەزدان

یەزدان دادوەر و حاکمە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە کە هەموو نادادیی و ناڕەواییەک ببەینە بەردەمی. دەبێت لەوە دڵنیا بین کە ئەو دادپەروەریی جێبەجێ دەکات و حوکمی هەموو کەسێک دەدات، کەواتە دادوەریکردن ئیشی ئێمە نییە. ئێمە مافی ئەوەمان نییە کە تۆڵە لە کەس بکەینەوە و حوکمیان بەسەردا بدەین.
هەروەکو چۆن لەم جیهانەدا تاوانەکان دەبەینە بەردەم حاکم و دادوەریی دادگاکان، بە هەمان شێوە دەتوانین تاوان و ناڕەواییەکان بخەینە بەردەم خودا. پێویست ناکات لەوە بترسین کە هەستی خودا بریندار دەکەین، بەڵکو دەتوانین بەتەواوی ڕاستگۆ بین و ئەوەی لە دڵماندایە لەبەردەمیدا هەڵیبڕێژین. دوای ئەوەی کە لە باسکردنی تاوانەکان بۆ خودا تەواو دەبین، پێویستە بە تەواوی واز لە تۆمەت و تاوانەکان بهێنین و هەموو شتێک بسپێرین بەدەستی پڕتوانا و دادوەرانەی یەزدان. واتە چیتر بەردەوام نابین لە مەحکومکردنی بەرامبەرەکەمان، بەڵكو حوکمدانەکە بۆ یەزدان بەجێدەهێڵین.

چەند ڕێنماییەکی زیاتر

داوای یارمەتی لە کەسێكی دیکە بکە
سەختە کە تەواوی ئەم پڕۆسەیە ببڕیت بەبێ پشتگوێخستنی هەندێ لە سیما و خەسڵەتەکان. کەسێك پەیدا بکە کە هەمیشە لەگەڵت بێت و نوێژت بۆ بکات.
گوناهەکانی خودی خۆمان
کاتێك کەسێک ئازارمان دەدات، بەبێ ئەوەی بمانەوێت بە خراپی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەجووڵێینەوە و هەڵەیان بەرامبەر دەکەین. گرنگە کە ئەم شتانە پشتگوێ نەخەین بەڵكو تۆبە بکەین و داوای بەخشین بکەین. لێرەدا هەر زوو هەموو ئەو شتانە پاک بکەوە کە بە مێشکتدا دێن.
خۆم دەبەخشم
هەندێک کات لە خۆمان تووڕە دەبین و بەهۆی شتێکەوە لۆمە و سەرزەنشتی خۆمان دەکەین. یەزدان لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە پێشنیاری ڕێگەیەکمان بۆ دەکات بۆ ئەوەی لێمان خۆشبێت و پاکمان بکاتەوە. بەخشینی خۆت واتە قبوڵکردنی پێشنیارەکەی خودا و جێبەجێکردنی.
خودا دەبەخشم
هەندێک کات لەبارەی خوداوە خراپ بیر دەکەینەوە، بگرە لێشی تووڕە دەبین. لەبەر ئەوەی یەزدان هەڵە ناکات، کەواتە هیچ تاوانێک بوونی نییە کە پێویست بە لێخۆشبوون بکات. بەڵام گرنگە کە دەستبەرداری تووڕەیی ئەو هەستە نەرێنییانە بین کە لە بەرامبەر خودا هەمانە.
بە لێخۆشبوونەوە دەچەسپێم
کاتێك هەست و سۆزە کۆنەکانت سەریانهەڵدایەوە، ئەوا وەبیر خۆت بهێنەوە کە تۆ پێشوەخت بڕیاری لێخۆشبوونت داوە. پاشان دەبینیت کە ئەو هەست و سۆزانە دەڕۆن و چیتر ناگەڕێنەوە. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە دەکرێت هەندێک کات دید و ڕوانگە و چینی قوڵی ئازارەکان سەرهەڵبدەنەوە کە پێشوەخت باست نەکردوون. ئەو کات دەتوانین دیسان پڕۆسەی لێخۆشبوون ببڕین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە بەتەواوی هەموو مەوداکان چارەسەر کراون. بەو شێوەیە دەتوانین بە تەواوی و لە قوڵایی دڵمانەوە لە بەرامبەرەکەمان خۆشبین.

بەباشی بە خۆتدا بچۆوە

بە دوو خولەک ئەم پرسیارەی خوارەوە لە خودا بکە:

خودا، دەبێت لە کێ خۆشبم؟
گوێ لە خودا بگرە و بە باشی تماشایەکی پەیوەندییەکانت بکە، (دایک و باوک، خێزان، خزم و ئاشنا، هاوڕێ و برادەر، دراوسێ، هاوکار، هاوپۆل، مامۆستا، قەشە، خۆت، یەزدان، ...) چۆن ئازار درام و کێ ئازاری دام؟

ئەم ڕێنماییانە یارمەتیت دەدەن کە بزانیت ئایا ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ کەسێکدا هەتە باش و دروستە یان هێشتا بە جۆرێک شکاوە و دروست نییە:

  • بیر لەو کەسە بکەوە: دەتوانیت لە قووڵایی دڵتەوە هیوای سەرفرازی و سەرکەوتنی بۆ بخوازیت؟
  • بیهێنە پێش چاوی خۆت کە لەسەر شەقام چاوت بەو کەسە دەکەوێت. چ هەستێکت دەبێت؟ ئایا هێشتا ناوچاوت گرژە و لە دڵتدا ڕقت شاردووەتەوە؟

ڕاهێنان

دەمەوێ یەکەم جار باسی کام ئازار بکەم؟
دەبێت کێ لەم پڕۆسەیەدا هاوکاریم بکات؟ بە وردەکارییەوە ڕوونی بکەوە کە چۆن بەردەوام دەبیت!